هۆڵی بناغە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بە تایبەت و بە مەبەستی ئەنجامدانی یەکەم کۆڕبەندی داهێنان و کارسازی (IIEF) لە شاری سلێمانی لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کرایەوە.
بەشێکە لە کارگەی کولتوور، دامەزراوەیەکی پیشەسازی مێژوویە لە ساڵی ١٩٥٦ لەلایەن وەزارەتی ئابووری عێراقەوە دامەزراوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦١–١٩٩١ وەک شوێنێکی بەرهەمهێنانی تووتن کاری کردووە. ئێستا، کارگەی کەلتوور یەکێکە لە نیشانە کولتوورییەکانی شارەکە و ژمارەیەک لە پڕۆژە و چالاکی هونەری و داهێنان لە خۆ دەگرێت.
هۆڵی بناغە، لەسەر هەمان ڕێچکە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا، شوێنێکی مۆدێرنە و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نۆژەن کراوەتەوە کە گونجاو بێت بۆ بەستنی چالاکی داهێنان و کارسازی و ئابووری.
لە ساڵی ٢٠٢٥، بە شانازییەوە میوانداری یەکەم کۆڕبەندی ئابووری دێلفی (Delphi Economic Forum) کرد بە ئامادەبوونی دەیان سەرکردە و پسپۆری ناوخۆیی و نێودەڵەتی.
هۆڵی بناغە بە خۆڕایی بەردەستە بۆ هەموو ئەو چالاکییانەی پەیوەندیدارن بە ئامانجەکانی فاونديشەن لە پەروەردەکردنی ڕۆحیەتی داهێنان و بەیەکەوەکارکردن و گەشەپێدانی بەردەوام.
بۆ دڵنیابوون لە ئەزموونیەکی پڕۆفیشناڵ بۆ هەموو ڕێکخەر و بەشداربووان، هۆڵەکە بە پێی پلانی کارکردن و بەڕێوەبردنی ورد کار دەکات.